بەداخەوە، تا دێت تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ناپارێزراوتر دەبێت بە هۆی تووش بوونی بە کەلێنەکان و دزەپێکردنی زانیاری بەکارهێنەرانی. چەند توێژەرەوەیەک تۆماری زانیاری 540 ملیۆن بەکارهێنەری فەیسبووکیان لە چەند داتابەیسێکی جیاوازەوە دۆزیوەتەوە.
کۆمپانیای UpGuard ڕایگەیاند توانیویانە بوخچەیەک لە نێو پێگەی کۆمپانیای Cultura Colectiva ـی مەکسیکیدا بدۆزنەوە کە لە نێو داتابەیسی Amazon S3 ـدا پاشەکەوت کرابوو. بوخچەکە قەبارەی 146 گێگابایت بوو و تۆماری زانیاری 540 ملیۆن بەکارهێنەری فەیسبووکی لە خۆ گرتبوو. زانیارییەکانی نێو بوخچەکە بریتی بوون لە وشەی نهێنی، ناسنامە، ڵایک و کاردانەوە و کۆمێنتەکان، ناوی هەژمار و زیاتر.
هەروەها چەند تۆماری زانیارییەکی بەکارهێنەرانی دیکەی تۆڕەکە لە ئەپێکدا دۆزراونەتەوە بە ناوی At the Pool، ئەم تۆمارانە کەمترن لە چاو هی پێشووتر. تۆمارەکان بریتین لە زانیارییە کەسییەکان و تیپەڕەوشەی 22 هەزار هەژماری فەیسبووک.
ئەوەی جێی باسە هەردوو تۆمارەکان لە لایەن ڕاژە هەورییەکانی ئەمەزۆنەوە هەڵگیرابوون و تێپەڕەوشەیان لەسەر نەبووە (گشتی بوون)، بەو واتایەی هەموو کەس دەیتوانی سەردانی داتابەیسەکە بکەن و دەستیان بە تۆماری زانیاری ئەو ملیۆنان بەکارهێنەرەی فەیسبووک بگات. بەڵام فەیسبووک بە زوویی پەیوەندی بە ئەمەزۆنەوە کرد و تۆمارەکانی پێ سڕیونەتەوە.
وتەبێژێکی فەیسبووک دەربارەی کێشەکە قسەی کرد و ڕایگەیاند:
لە یاساکانی فەیسبووکدا هەڵگرتنی زانیارییەکان لە داتابەیسێکی گشتیدا قەدەغەیە. لەو کاتەی دەربارەی کێشەکە ئاگادار کراینەوە، لەگەڵ ئەمەزۆندا کارمان کرد بۆ سڕینەوەی تۆمارەکان، هەروەها لەگەڵ گەشەپێدەرانی سەکۆکەماندا هاوکار دەبین بۆ پاراستنی زانیارییەکانی بەکارهێنەرانمان.
ساڵی ڕابردوو دەرکەوت زانیارییەکانی 87 ملیۆن بەکارهێنەری فەیسبووک کەوتە دەستی شیکەرەوەکانی زانکۆی کامبریجەوە، ئەمە سەرەتای دەرکەوتنی ڕووی لاوازی پاراستنی تۆماری بەکارهێنەران بوو لە لایەن فەیسبووکەوە.
ئەگەر خوازیاریت هەژماری فەیسبووکەکەت بسڕیتەوە، بەم ڕێگەیەی خوارەوە ئەنجامی بدە:
کرتە لەم بەستەرە بکە، پاشان تێپەڕەوشەکەت بنوسە و Sumbit دابگرە. بۆ ماوەی 14 ڕۆژ هەژمارەکەت دەمێنێتەوە، پاش ئەوە بە یەکجاری دەسڕێتەوە.

ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق